حه‌كیم ساڵح عەبدولكریم محەمەد… ناسراو به‌ حه‌كیمى مەلا ساڵحى گه‌وره‌ى هه‌ڵه‌بجه‌، ساڵى ١٩٥٤ له‌ گه‌ڕه‌كى كانى عاشقانى ئه‌م شاره‌ له‌دایكبووه‌، ساڵى ١٩٦١ چووه‌ته‌ قوتابخانه‌ و له ‌ساڵى ١٩٧٧ له‌ به‌شى شه‌ریعه‌ى زانكۆى به‌غداد وه‌رگیراوه‌.

به‌ڵام به‌هۆى دۆخى سیاسییه‌وه‌ نه‌یتوانى له‌ زانكۆ به‌رده‌وامبێت، چونكه‌ ئه‌وكات ئه‌ندامى یه‌كێتى قوتابیانى كوردستان بوو، ‌له ‌ساڵى ١٩٧٨ له ‌بانكى هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك فه‌رمانبه‌ر دامه‌زراوە، ساڵى ١٩٨١ له‌لایه‌ن ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ زیندانى كراوە، و ساڵێك دواى زیندانیكردنى وه‌ك پێشمه‌رگه‌ى یه‌كێتى له ‌شاخ چه‌كى هه‌ڵگرتووە.

ئه‌م پیاوه‌ ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ نوسه‌ر و مێژوونوسه‌ دیاره‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ و كوردستان، خاوه‌نى ٢٦ كتێبى له‌چاپدراوه‌ و ٨ كتێبى ئاماده‌كراوە بۆ له‌چاپدان، ئێستاش سه‌رقاڵى نوسینى كتێبێكى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌ده‌بیه‌، کە له‌ هیچ یه‌كێك له‌ كتێبه‌کانیدا نیه‌ باس و خواسى زێدی خۆى نه‌كات.

نوسینەکانی كوڕه‌كه‌ى مه‌لا ساڵحى گه‌وره‌، ته‌نها تایبەت نەبوون بە گێڕانەوەی مێژووى هه‌ڵه‌بجه‌ و لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ شیعری شاعیرانى ناوچه‌كه‌، به‌ڵكو خۆشى وه‌ك شاعیرێك دوو دیوانى له‌چاپدراوى هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه ‌له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى چه‌ندین نوسینى ئه‌ده‌بى و شوێنه‌وارى و مێژوویی له‌ گۆڤار و بڵاوكراوه‌كانى هه‌رێم و ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان.

جگه‌ له‌ نوسین ئه‌م نوسه‌ره‌، له ‌ساڵانى ١٩٨٠ وه‌ك شانۆكارێك و یه‌كێك له‌ وه‌رزشكارانى تۆپى پێ ڕوڵى كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌نێو تیپه‌كانى خۆیدا، بۆیه‌ ئێستا له‌پاڵ یادى جارى جارانى، به‌رده‌وام وه‌ك ته‌یرێكى عاشق له ‌ژووره‌كه‌ى خۆیدا ده‌نوسێ و ده‌خوێنێت.

حه‌كیمى مه‌لا ساڵح، ته‌نها به‌ نوسین و دیداره‌كانى دار و به‌رد و ئاو و هه‌واكه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ خه‌ڵكى باس نەکردووە، به‌ڵكو ئه‌وه‌تا هه‌ر له‌ ژووره‌كه‌یدا چه‌ندین به‌رد و خشڵى گرانبه‌هاى ئه‌م شاره‌ى وه‌ك یادگاریه‌ك پاراستووه‌.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

غرب دیلی | رسانه جامع غرب دیلی